لە گەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ئێراندا، نرخی سکەی ئیمامی سنووری ٢٠٠ ملیۆن تمەنی تێپەڕاند و نرخی دۆلاریش لە ١٥٥ هەزار تمەن لایدا. ئەم بازدانە لە نرخەکاندا لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئامریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیادی کردووە و دەنگۆکان لەم بارەیەوە توندتر بوونەتەوە..
نرخەکان لە بازاڕی دراو و زێڕدا بە شێوەیەکی بێ وێنە بەرز بوونەتەوە، بە جۆرێک کە دوێنێ نرخی سیکە نزیکەی ١٨٢ ملیۆن تمەن بوو و تەنیا لە دوای یەک ڕۆژ شاهدی بەرزبوونەوەی ١٨ ملیۆن تمەنی بووین. ،.
ئەم بەرزبوونەوە خەیاڵییانەی نرخ و دۆخی قەیراناویی ئابووری، ناڕەزایەتی گشتیی لێکەوتەوە و بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرانسەری ئێراندا. حکومەت لە ئێستادا لە ڕێگەی سەرکوتی بێبەزەییانەی خۆپیشاندەران و دانانی حکومەت نیزامی لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان کۆنترۆڵی بە سەر خیابانەکاندا گرتووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی واتە ٦٠٪ و ئەوەش بووەتە هۆی گرانبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لەوانە ماددە خۆراکییەکان..
هەر لەو بارەوە بینەرانی رۆژهەڵات باس لەوە دەکەن کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان گرانی ل ەڕادەبەدەر و شڵەژاوی لە بازاڕەکاندا هەیە و نرخی کەل و پەل یەکجار زۆر گران بووە و هەروەها بەشێک لە کەل و پەلی خۆراکی زۆر بە زەحمەت دەستدەکەون یان ناچارن بۆ دەستخستنیان سەردانی شارە سنوورییەکانی باشور بکەن و لەو ڕێگەوە پێداویستیەکانیان دابین بکەن.


