شۆکێکی نوێی نرخ لە ئێران؛ هەڵاوسانی خواردەمەنی گەیشتە سنووری ۹۰ لەسەد

...زیاتر

بەپێی نوێترین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ-بۆ-خاڵ لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا بۆ ٦٠ لەسەد بەرزبووەتەوە؛ ژمارەیەکی کەم وێنە کە بەراورد بە مانگی ڕابردوو ٧.٤ یەکە گەشەی کردووە. هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە «شۆکێکی توندی نرخ» لە بازاڕی خواردەمەنییەکاندا دەکەن دوای لابردنی ئەرزی تەرجیحی واتە دۆلاری پاڵپشتیکراو.

بەپێی ئەم ئامارانە، هەڵاوسانی خاڵ-بۆ-خاڵ لە گرووپی خواردەمەنییەکان گەیشتووەتە ٨٩.٩ لەسەد و هەڵاوسانی مانگانەی خواردەمەنیش بە ١٣.٧ لەسەد ڕاگەیەندراوە. هەڵاوسانی مانگانەی گشتی ئێران لە مانگی بەفرانباردا ٧.٩ لەسەد بووە، ئەمەش نیشاندەری خێرابوونی بەرچاوی بەرزبوونەوەی نرخەکانە.

میدیا ئابوورییەکانی ناوخۆی ئێران دەڵێن لابردنی ئەرزی تەرجیحی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەنی، کە پێشتر بۆ هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان تەرخان دەکرا، هۆکاری سەرەکی ئەم بازدانە کتوپڕەی نرخی خواردەمەنییەکان بووە. بەپێی ڕاپۆرتی «اقتصادآنلاین»، جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی ئازادی دراو لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی ڕانتێکی بەرفراوان کە بەهاکەی بە نزیکەی ٩٨١ هەزار ملیارد تمەن دەخەمڵێندرێت.

لەم نێوەندەدا ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە شارە جیاوازەکانەوە باس لە بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان و سستبوونی بازاڕ دەکەن. لە کازروون، نرخی هەندێک کاڵای شیرەمەنی بۆ چەند دە هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک بەرزبووەتەوە و تێچووی دەرمانی نەخۆشە تایبەتەکان نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار تمەن زیادی کردووە. بینەرانی ڕۆژهەڵات باس لە کەشێکی گشتی «خەمناک و هاوکات تووڕە» دەکەن.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە بڕانی درێژخایەنی ئینتەرنێتیش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووری. وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بڕانی ئینتەرنێت ڕۆژانە نزیکەی پێنج هەزار ملیار تمەن زیان بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت و زۆرێک لە کارە ئۆنلاینەکان لە لێواری مایەپووچبووندان.

شرۆڤەکاران، کۆمەڵێک سیاسەتی ئابووری ناسەقامگیر، سزا نێودەوڵەتییەکان لە دەرئەنجامی سیاسەتگەلی هەڵەی کۆماری ئیسلامی ، گەندەڵی ساختاری و بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکاندا بە هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری ئێستای ئێران دەزانن.

بەرنامەکان