بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی کوژراوان و دەستبەسەرکراوان لە خۆپێشاندانەکانی ئێران، زیاتر لە ٤١ هەزار کەس دەستبەسەر کراون

...زیاتر

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی “هرانا”، تا ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندان، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان لە ئێران گەیشتووەتە ٦١٢٦ کەس، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو زیادبوونێکی بەرچاوی نیشان داوە. جگە لەمە، ژمارەی ئەو کوژراوانەی کە لەژێر لێکۆڵینەوەدان گەیشتووەتە ١٧ هەزار و ٩١ کەس. لە نێوان کوژراوە پشتڕاستکراوەکاندا، ٥٧٧٧ کەسیان خۆپێشاندەر، ٨٦ منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، ٢١٤ هێزی سەر بە حکوومەت و ٤٩ کەسی مەدەنی بوون.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی بڕانی ئینتەرنێت و پەککەوتنی ڕێگاکانی پەیوەندیکردن، ڕەنگە ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوان لەوەش زیاتر بێت. لە دوو ڕۆژی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ڕابردوودا و لە پاش سەرکوتکردنی توندی خۆپێشاندانەکان، گۆڤاری “تایم” لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە کە ئەگەری هەیە تا ٣٠ هەزار کەس کوژرابێتن.

لەکاتێکدا ئاماری دەستبەسەرکراوان گەیشتووەتە ٤١ هەزار و ٨٨٠ کەس، ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستگیرکردن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەکەن. هەروەها ١١ هەزار و ٩ کەس بریندار بوون و دانپێدانانی زۆرەملێی ٢٤٥ کەس بڵاوکراوەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بەم ئامارانە نیشان نەداوە.

ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامی بڕانی ئینتەرنێت لە ئێران و فشار بۆ سەر کاسبکاران و چالاکییە ئابوورییەکان دەکەن. هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە مافەمروڤییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی ڕاوەدوونانی بریندارەکان لە ناوەندە تەندروستییەکان و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک.

بەرنامەکان