ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران

...زیاتر

ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی ئێران نیشانی دەدات کە کاردانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران، سەرکوتکردنێکی «بێپێشینە، کوشندە و ڕێکخراو» بووە. ئەم خۆپێشاندانانە کە لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە دەستیان پێکرد، گۆڕان بۆ داواکاریی خەڵک بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و تێپەڕبوون بەرەو سیستمێک کە لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ بێت. بەڵام وەڵامی حکوومەت بۆ ئەم داواکارییانە بریتی بووە لە تەقەکردن، بڕانی ئینتێرنێت و پارێزبەندی لە سزادان.

بە گوتەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی چەکی گەرم،چەکی ساچمەیی و ئامێرە قەدەغەکراوەکان تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە. لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا ژمارەی کوژراوان گەیشتە هەزاران کەس، کە ئەم قۆناغە وەک «خوێناویترین» سەرکوتی حکوومەتی لە ئێراندا لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا دەناسرێت.

لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی کردووەتەوە کە بڕانی ئینتەرنێت لە ١٨ی بەفرانبارەوە، هەوڵێک بووە بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ جیهانی دەرەوە. هەروەها ئەم ڕێکخراوە باسی لە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کوشتار لە ئاستێکی بێ وێنە لە کەهریزەک و ساردخانەکانی تاران کردووە. ئاماری قوربانییەکان هێشتا جێی مشتومڕە؛ بەرپرسانی ئێران ژمارەی کوژراوانیان بە «هەزاران کەس» ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە کوژرانی لانیکەم ٥ هەزار کەس دەکات. هەروەها شەپۆلێکی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ئەشکەنجە، توندوتیژیی سێکسی و بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی، لە وڵاتەکەدا بەردەوامە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە لە ڕێگەی گوشاری دیپلۆماسی و ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئێران بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بکەرانی ئەم تاوانانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکەنەوە.

بەرنامەکان