وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات ئاسمان یان سنوورە ئاوییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازی دژی ئێران بەکاربهێنرێت.
ئەم هەڵوێستە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی ئامریکا “یو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن” لە ناوچەی کەنداو ڕاگەیەندرا؛ ئەو کەشتییەی کە بە وتەی بەرپرسانی ئامریکایی، لە پەیوەندی لەگەڵ پەرەسەندنەکانی تایبەت بە کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی ناوچەکە کراوە.
ئیمارات جەختی کردەوە کە ئاسمان و ئاوەکانی وڵاتەکەی نابنە “شوێنی کردەوەی سەربازیی دوژمنکارانە” دژی تاران، و ئەم بڕیارەشی وەک نیشانەی پابەندبوونی خۆی بە بێلایەنی و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا ناوبرد.ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتگەلێک بڵاوکرابوونەوە سەبارەت بە هەوڵی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەوانە تورکیا و قەتەر بۆ ڕێگریگرتن لە هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازیی ئامریکا یان ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی.


