ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە بڕینی تەواوەتی ئینتەرنێت ڕۆژانە نزیکەی «پێنج هەزار ملیارد تمەن» زیان بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت. بەپێی ڕاپۆرتی “ئیعتماد ئانلاین”، ناوبراو وتی کە خەمڵاندنەکان نیشانی دەدەن مامناوەندی توانای بەرگەی کاروکاسبییە ئینتەرنێتییەکان نزیکەی ٢٠ ڕۆژە و ئێران خەریکە لەم خاڵە قەیراناوییە نزیک دەبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر عەلی حەکیم جەوادی، سەرۆکی ڕێکخراوی سیستەمی پیشەیی کامپیوتێری، بڕی زیانی ڕاستەوخۆی بڕینی ئینتەرنێتی ڕۆژانە بە نێوان دوو بۆ سێ هەزار ملیارد تمەن ڕاگەیاندبوو.
هاوکات لەگەڵ هەژدەیەمین ڕۆژی بڕینی ئینتەرنێت، زۆرێک لە خاوەن کارە ئۆنلاینەکان باسیان لە گوشاری زۆری ئابووری، ڕاگرتنی چالاکییەکان و مایەپوچبوون کردووە. جێگەی ئاماژەیە ئەم سنووردارکردنانە بووەتە هۆی زیادبوونی گرانی و کەمبوونەوەی داهاتی خەڵک.


