بە پێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی ڕابردوو شەممە ٤ی ڕێبەندان، دایک و باوکی دوو برا بە ناوەکانی ڕەزا و ڕەسووڵ کەدیوەریان، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی کرماشان لە ١٣ و ١٤مانگی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەختکرد، دایکی ئەم دوو برا پاش لەدەستدانی ڕۆڵەکانی لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و دوابە دوای ئەوە هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕەسووڵ تەمەنی تەنیا ١٧ساڵ بوو و براکەشی ڕەزا تەمەنی ٢٠ساڵ بوو، بنەماڵەیەکی دەستکورت بوون باوکیان کرێکار و دایکییان لە ماڵەوە کاری خەیاتی دەکرد، ئەم دوو برا تەنیا بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دۆخی سەختی ژیان و گوشاری ئابووری قورس ناڕەزایەتییان دەربڕی و پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکان، بەڵام کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی وڵامی داخوازی خەڵکی بە گولە و ئێعدام کردن دایەوە


