چەند پارێزەرێکی دادگوستەری و چالاکی مافی مرۆڤ لە ئێران، باس لە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو کەسانە دەکەن کە دوای خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ڕۆژانی ١٨ تا ٢٠ی بەفرانبار بێسەروشوێن بوون و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە چارەنووسی دەستبەسەرکراوان دەربڕیوە. بە وتەی ئەم پارێزەرانە، بنەماڵەیەکی زۆر لە تاران، کەرەج، مەشهەد و کرماشان ڕایانگەیاندووە کە ئازیزانیان دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بێسەروشوێن بوون.
یەکێک لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ بە میدیا هەواڵنێرییەکانی ڕاگەیاندووە کە سەردانی زۆری بنەماڵەکان نیشانی دەدات ڕەهەندەکانی بێسەروشوێنبوون “زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا”. ئەو ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای بەدواداچوون لە ناوەندە جیاجیاکانی وەک کەهریزەک، ئێڤین و زیندانی گەورەی تاران، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوەکان دەست نەکەوتووە.
لەم نێوەندەدا، پارێزەرێکی دیکە ئەگەری لەسێدارەدانی بێدەنگی هەندێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕەت نەکردەوە و وتی لە هەندێک حاڵەتدا، ئەو کەسانەی شایەتحاڵ لەسەر دەستبەسەرکردنیان هەبووە، دوای چەند ڕۆژێک تەرمەکانیان بە شوێنەواری فیشەکەوە لە کەهریزەک و پزیشکی دادوەری کەرەج ڕادەست کراوەتەوە. هاوکات، ڕێگری لە وەرگرتنی پارێزەر و بێ ئاگایی بنەماڵەکان لە دۆخی دەستبەسەرکراوان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ڕوودانی لەسێدارەدانی بێ دادگایی زیاتر کردووە.
هەواڵنێرانی ڕۆژهەڵات لە کرماشان، ئیلام و لورستان لە هەواڵێکی هاوشێوەدا ڕایانگەیاندووە زۆرێک لە دەستبەسەر کراوان بە بێ ئاگاداری و بە بێ دادگایی لە زیندانەکان کوژراون و دواتر ڕوو بە بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە، کە مناڵەکانیان لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. شایەتحاڵان دەڵێن دەیان کەیسی لەو جۆرەمان بینیوە کە دەستبەسەر کراون و پاش دوو ڕۆژ تەرمەکەیان دراوەتەوە بە بنەماڵەکانیان
ئەو هەواڵە بووەتە هۆی نیگەرانی چالاکانی مافی مرۆڤ و مەترسی لە چارەنووسی دەستبەسەر کراوانی ئەم دواییە لە ئێران.


