وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، پێنتاگۆن لە بڵاوکراوەی ستراتیژیی بەرگریی میلی ئامریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦دا، وێڕای ئاماژەدان بە هێرشی نیزامی ئامریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانیی نیزامی ئامریکا لە ئیسرائیل لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، باسی لەوە کردووە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە هەمووکاتێک لاوازتر و بێتواناترە .
لەو بەڵگەنامەی پێنتاگۆندا هاتووە کە دەستوپێوەندییەکانی ڕژیم تووشی لێکهەڵوەشان و وێرانی بوون؛ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل، حیزبوڵڵا و حەماسی زۆر لاواز کردووە و چیتر ئەو گرووپانە وەک پێشتر توانایان نەماوە.
پێنتاگۆن لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپەیوەندییەکانی نەک هەر گیانی ئامریکاییەکانی لە ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکوو بۆتە هۆی ناسەقامگیری و نائارامییەکان لە ناوچەکە.
هەروەها لە و بەڵگەنامەی پێنتاگۆن دا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئامریکا هەمووکات پێداگرە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە کەنداودا، لە بەرانبەر ڕێژیمی تاراندا بوەستنەوە.


