پەیام ئەخەوان، مامۆستای زانکۆی تۆرۆنتۆ و دادستانی گشتی پێشووی دادگای لاهە، لە وتارەکەیدا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی ئێستای ئێرانی بە “خراپترین کۆمەڵکوژی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران” وەسف کرد.
بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانەکان بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانیان سەردانی ساردخانەکان دەکەن و لە هەندێک حاڵەتدا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی مناڵەکانیان ناچاربوون پارەی فیشەکی سەر جەستەی مناڵەکەیان یان دانپێدانان واژۆ بکەن کە بەرپرسیارێتی کوشتنەکەیان بۆ “تیرۆریستان” دەگەڕێنێتەوە.
ئەخەوان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی پزیشکانی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە نزیکەی ١٦ هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٣٠ هەزار کەسیش بریندار بوون و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی ڕوودەدات “شەڕێکە لە دژی خەڵکی مەدەنی”. ناوبراو داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هەنگاو بنێت بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەی کۆماری ئیسلامی بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.


