بڵاوکردنەوەی وتارێکی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژنامەی “واڵ ستریت ژۆرناڵ”، کە تێیدا گێڕانەوەکانی حکومەتی دەربارەی سەرکوتی خۆپێشاندانەکان دووبارە کردووەتەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی و وەڵامێکی توندی ڕۆژنامەکەی لێ کەوتەوە.
دامەزراوەی “نێت بلاکس” ڕەخنەی توندی لە ڕۆژنامەکە گرت کە چۆن لە کاتی پچڕانی تەواوی ئینتەرنێت لە ئێران، دەرفەتی بە بەرپرسێکی ڕژێم داوە پڕوپاگەندە بڵاو بکاتەوە، لە کاتێکدا خەڵکی ئێران دەنگیان بڕدراوە. بەڕێوەبەری نێت بلاکس جەختی لەوە کردەوە کە دەبوو ڕۆژنامەکە لە هەمان لاپەڕەدا ڕوونی بکاتەوە کە نەیارانی ڕژێم دەستیان بە هیچ میدیایەک ناگات.
لە وەڵامێکی ڕاستەوخۆدا، دەستەی نووسەرانی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕایانگەیاند، ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی وتارەکە تەنیا بۆ ئەوە بووە کە “وێنەیەکی ڕووتی واقیعی سەخت و دڕندانەی تاران” بۆ جیهان ئاشکرا بکەن. ڕۆژنامەکە بە گاڵتەجاڕییەوە ئیدیعاکانی عێراقچی دەربارەی دەستی دەرەکی لە خۆپێشاندانەکاندا ڕەتکردەوە و نووسیویەتی: «ئەگەر دەستی دەرەکی لە پشت ناڕەزایەتییەکانە، بۆچی حکومەت ئینتەرنێتی داخستووە و تەقە لە خەڵکی بێبەرگری دەکات؟»
واڵ ستریت ژۆرناڵ جەختی کردووەتەوە کە پێداگریی تاران لەسەر دانوستان تەنیا فێڵێکە بۆ کڕینی کات، و پەیامی ڕژێم بۆ ئیدارەی ترامپ ڕوونە: یان دەبێت چاو لە سەرکوتە ناوخۆییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکە بپۆشرێت، یان جیهان ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی دەبێتەوە. ئەم وەڵامە توندەی ڕۆژنامەکە نیشانی دەدات کە هەوڵە دیپلۆماسی و میدیاییەکانی تاران لە دەرەوەی وڵات تووشی شکستی گەورە هاتوون.


