لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، ئێران یەکێکە لە خراپترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی خراپیی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراودا. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گرتن، ئەشکەنجەدان، سەپاندنی سزای قورسی دادوەری و هاوکات پچڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت، بوونەتە ئامرازی سەرەکیی ڕژێم بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئازادانەی زانیارییەکان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەندە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانی تا دسامبری ٢٠٢٥ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە ٥٥ کەس بوون کەمتر بووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا زۆرترین حاڵەتی موستەنەدی ئەشکەنجە و لێدانی ڕۆژنامەنووسانی زیندانی بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە. هەروەها لە دوای شەری ١٢ ڕۆژەوە لانیکەم ١٥٠ ڕۆژنامەنووس لە سەر کار دەکراون. زیندانی تاکەکەسی بۆ ماوەیەکی درێژ، بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی و قەرەباڵغیی زۆری زیندانەکان، ئەو دۆخەن کە ڕۆژنامەنووسانی زیندانی لە ئێراندا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها تیشکی خستووەتە سەر پچڕانی فراوانی ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییە و هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی سەرکوتی میدیاکان، ئاسۆی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و گەیشتنی زانیاری بە خەڵک لە ئێراندا تاریکتر دەکات.


