بڕیارە ڕۆژی هەینی، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بەپەلە سەبارەت بە بارودۆخی ئێران ساز بکات. ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا و ئیسلەند و بە پشتگیریی ٢١ وڵاتی تر، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەرکوتە فراوانەکان، کۆمەڵکوژیی خۆپێشاندەران و پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەلایەنی کەمەوە ٣٤٢٨ کەس لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکاندا کوژراون، هەرچەندە خەمڵاندنە نافەرمییەکان باس لە ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەکەن. هاوکات بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، باسی لە ئەگەری ڕوودانی «تاوان دژی مرۆڤایەتی» کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان کردووە.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هەوێنێک بۆ فشارە دیپلۆماسییەکان و سەپاندنی سزای نوێ؛ هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە دۆسیەی ئێران ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.


