ساندەی تایمز: لە خۆپیشاندانەکانی ئێران جینۆساید ڕوویداوە

...زیاتر

ڕۆژنامەی ساندەی تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ئەو ئاخێزەی ڕۆژانی ڕابردووی خەڵکی ئێران، لانیکەم ١٦،٥٠٠ بۆ ١٨ هەزار خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و ٣٣٠ بۆ ٣٦٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەم سەرکوتکردنە “دڕندانەترین کردەوەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا” بووە و زۆرینەی قوربانییەکان تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا کوژراون یان بریندار بوون. سەرچاوە پزیشکییەکان لە ناوخۆی ئێران ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی کوژراوەکان تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوە بووە، هەروەهامنداڵ و ژنی دووگیان لە قوربانییەکان بوون.

هەروەها ڕۆژنامەی ساندەی تایمز بڵاویکردەوە کە ڕەنگە زیاتر لە ٨ هەزار خۆپیشاندەر بینایی چاویان لەدەستدابێت. داخستنی ئینتەرنێت لەسەر ئاستی ئێران، دەیان هەزار خێزانی سەبارەت بە دۆخی ئازیزانیان بێ هەواڵ کردووە ؛ دۆخێک کە پزیشکێک بە “جینۆساید لە سایەی تاریکی دیجیتاڵیدا” وەسفی کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ، کڵاشینکۆف، دۆشکا، و قەناس** لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیجەوە کراوە. ئەو شایەتحاڵانەی توانیویانە ئێران بەجێبهێڵن، دەڵێن قەناس بەدەستەکان لە سەربانەکانەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و تەنانەت تەقەیان لەو خۆپیشاندەرانە کردووە کە ویستوویانە تەرمەکان لەگەڵ خۆیان ببەن.

بە پێی  ڕاپۆرتەکە، لە هەندێک حاڵەتدا هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە چارەسەر وەرگرتنی برینداران کردووە و تەرمی کوژراوەکانیان لە شەقامەکان کۆدەکردووەتەوە و بۆ شارەکانی دیکەیان گواسروونەتەوە هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە بۆ دانەوەی تەرمەکان داوای پوڵیان لە بنەماڵەکان کردووە.

هەروەها ڕۆژنامەی ساندەی تایمز لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئامادەبوونی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ، لەوانە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، فاتمیونی ئەفغانستان و زەینەبیونی پاکستانی پشتراست کردەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر هۆشداری دابوو کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی  ناڕەزایەتییەکان پەنایان بردۆتە بەر “سەرکوتی بێوێنە و کوشندە” و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەوتە.

بەرنامەکان